بهرپرسێكی سەرۆکایەتی دیمهشق:
“لەناو سوپای سوریادا شتێک نییە بە ناوی چەکداری ژن”
فەرهاد حەسەن
ئەندامێکی تیمی سەرۆکایەتی سوریا بۆ یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، لەناو سوپای سوریادا شتێک نییە بەناوی “چەکداری ژن” ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ تایبەتماندیدان بە هێزەکانی پاراستنی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە چوارچێوەی رێکەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، باس لە تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ سوپای سووریادا کراوە.
مستەفا عەبدی، ئەندامی تیمی سەرۆکایەتی سوریا بۆ یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) لە چاوپێکەوتنێکی کاناڵی (حەدەس) رایگهیاند، سوپا جێگەی “چەکدارانی ژن”ی تیادا نابێنهوه، پرسی ژنە چەکدارە کوردەکان لە وەزارەتی ناوخۆ تاوتوێ دەکرێت و تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئاماژهی بهوهشكردووه “یەکخستنی هەموو دامودەزگا مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات، بەڵام پێویستی بە کات هەیە، لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا سێ لیوا لە هێزەکانی سوریای دیموكرات پێکهێنراون کە لە سێ هەزار و 900 سەرباز پێکهاتوون”.
ئهوهشی خستهڕوو، کە دەوڵەتی سوریا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا موچەی چەکدارانی هێزەکانی (هەسەدە) لە سێ لیواکەی حەسەکە دەدات”.
عەبدی، دووپاتی دەکاتەوە کە “هیچ پێکهاتەیەکی سەربازی ههسهده لە دەرەوەی چەتری وەزارەتی بەرگری نییە، نزیکەی سێ هەزار ئەندامی ئاسایش پەیوەندییان بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریاوە کردوە و پێدەچێت ئەو ژمارەیە زیاد بکات”.
پرسی تێکەڵکردنی ژنە چەکدارەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ ناو سوپای سوریا بووەتە خاڵی ململانێی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەخۆدەگرێت، لەو کاتەوەی هەردوولا رێکەوتنێکیان لە نێوانیاندا ئەنجامداوە، کە سێیەم و کۆتا رێکەوتنە، لە 29ی مانگی یهكی ئهمساڵهوه، ئەوەش دوای پێکدادانەکان لە حەلەب و لادێکانی و ناوچەکانی رەقە و دێرهزور، نزیکەی دوو هەفتەی خایاند.
لە رێکەوتنەکەدا کە لە 10.3.2025 لە نێوان مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شهرع، سەرۆکی سوریا واژۆکرا، مەرجی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان بۆ ناو سوپا، رادەستکردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (لەوانەش دەروازە سنورییەکان، فڕۆکەخانە، و کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان) بە دەوڵەت لهخۆدهگرێت.