رووداوەکە لەناو دادگای کەرکوک بووە

ئەو کارمەندەی بە جلوبەرگی پۆلیسەوە هێرشی کردە سەر پیاوێک سزا درا

کاروان ساڵحی- کەرکوک

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پیاوێک کە هاوار دەکات و دەڵێت لە ناو حەرەمی دادگادا لەلایەن کارمەندێکی پۆلیسەوە بە ناوی (موئەیەد) هێرشی کراوەتەسەر، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک هاتە دەنگ.

عەقید عامر نووری، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە 964ـی وت،  “لەلایەن فەرماندەی پۆلیسی کەرکوکەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پۆلیسە گیراوەتەبەر و دەستبەسەر کراوە کە بە جلوبەرگی کارەکەیەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو پیاوە، هەروەها لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و دۆسیەکەش رەوانەی دادگا کراوە”.

ئەو پیاوەی ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە لە گرتەکەدا دەڵێت، “بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی تاکەکەسی، پۆلیسی پارێزگای کەرکوک، کارمەندێک بەناوی موئەیەد شەریف حەیدەر، لەناو حەرەمی دادگا هێرشی کردە سەرم، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بکەن بەپێی رێکارەکان”.

عەقید عامر نووری ئاشکرایکرد، بابەتەکە ناکۆکییەکی تایبەتی و کێشەی خێزانی بووە لەنێوان بوک و خەسوودا، لەسەر ئەم رووداوە دادگا سزای دوو مانگ زیندانیکردنی بۆ پۆلیسە تۆمەتبارەکە (موئەیەد) دەرکردووە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح