"ئیسرائیل بەشدار نەبوو"

ترەمپ زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەکات

فەرهاد حەسەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا زانیاری نوێی سەبارەت بە كوژرانی قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە سەرەتای ساڵی 2020 ئاشکراکرد و رایگه‌یاند، ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل پلانی بۆ دانرابوو بەڵام ئەوان لەگەڵ کوژرانەکەی نەبوون.

دۆناڵد ترەمپ له‌وەڵامی چەند پرسیارێک کە ماڵپەری (ئاکسیۆس) لەگەڵی ئانجامی دابوو رایگه‌یاند، “ئیسرائیل بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنەکە و بۆ ماوەی 30 رۆژ لەگەڵ ئەمریکا کاریان لەسەرکرد، بەڵام رۆژێک پێش هێرشەکە واشنتنی ئاگادارکردەوە کە بەشداری ناکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا بەتەنیا ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە و بە هێرشێکی “بێ کەموکوڕی”شی وەسفی کرد.

ترەمپ روونیكرده‌وه‌، کە سولەیمانی “زۆر زیرەک و جەنەراڵێکی زۆر بەهێزبوو، بەڵام بەرپرسیاری کوژران و برینداربونی هەزاران سەربازیش بوو”.

دەشڵێت “ئەوکات سولەیمانی بەنیازبوو‌ پێنج بنکەی سەربازیی ئەمریکا بکاتە ئامانج، بڕیاری كوژرانیشی هەفتەیەک پێش ئه‌و هێرشه‌ بوو كه‌ ئه‌نجامدرا بۆ كوشتنی”.

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە 3.1.2020 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا بە فەرمانی سەرۆکی ئەوکات دۆناڵد ترەمپ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژرا.

لەو هێرشەدا کە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی کردە ئامانج، ئەبومەهدی موهه‌ندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و چەندین ئەندامی دیكه‌ی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی لەگەڵیدا کوژران.

ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوەی بێدەنگ نەبوو. لە  پێنج رۆژ دوای رووداوەکە وەڵامی ئەمریکای بە موشەکبارانکردنی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق دایەوە کە هێزەکانی ئەمریکای تێدابوو.