تیمە فریاگوزارییەکان چاو لەسەر دەریاچەکە هەڵناگرن
لە سێ رۆژی جەژنی قوربان 100 هەزار گەشتیار روویان لە هاوینە هەواری دوكان کردووە
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان دەڵێت، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 30.5.2026 هاوینەهەواری دوكان 100 هەزار گەشتیار و سەردانیكاری لە ئامێز گرتووە.
ئەو ئامارەی باسیدەکات بەراورد بە جەژنی رەمەزانی رابردوو نابەرانبەرە و جیاوازییەكە زۆرە، بەجۆرێك لە جەژنی رەمەزان بەهۆی شەڕو ئاڵۆزی ناوچەكە، سەرچاوەی هاتنی گەشتیاران بۆ قەزاكە وشكی كردبوو، بەڵام ئەم جەژنە قەرەبووی هەردووكی بۆ كردووەتەوە و سەر لەنوێ بوژاندیەوە.
لەبارەی ئامارەكەوە، رێژین رەوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە 964ی وت، تاوەکو ئەم ساتە وەختە 100 هەزار گەشتیار و سەردانیكار هاتوونەتە هاوینەهەواری دوكانەوە، ئامارەكەش دڵخۆشكەرە و چاوەڕێی زیاتریش دەكرێت، سەرەڕای تێكەڵبوونی جەژنەكانی نەورۆز و رەمەزانی پێشوو بەیەكەوە بەڵام بارانبارین و شەڕ و ئاڵۆزییەكان وایكرد گەشتیارمان نەبێت، بۆیە رێژەكە بەراورد ناكرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژانی جەژندا كەمپینی مەیدانیان بۆ هۆشیاركردنەوەی گەشتیاران ئەنجامداوە و بە تیم بەسەریان كردوونەتەوە تاوەكو رێنمایی گەشتیاران بكرێت بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەكە.
لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی دیکەشەوە، باس لەوەدەکات کە تیمەكانی غەواس، بەرگری شارستانی و تەندروستی دوكان بۆ سەلامەتی گیانی گەشتیاران لە دەریاچەكە و سەر زێیەكەش ئامادەییان هەبووە، عەلاگەی خۆڵیان بۆ دابینكردوون و چاودێری نرخی دوكان و بازاڕیان كردووە و لێپرسینەوەیان لە چەند شوێنێكیش كردووە كە لە نرخدا دەرفەتیان لەدۆخەكە وەرگرتووە و سەرپێچی و سزایان بۆ كراوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن