دەکرێنە مێز و کورسی

دارە وشکەکانی دارستانی رانیە دەبڕدرێنەوە

فەرمان مەلا حەسەن – رانیە

بەهۆی وشکبوونی لە 51%ی دارستانی رانیە، دارە وشکبووەکانی دەبڕدرێنەوە و بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی راپەڕینیش دەڵێت، دارە بڕدراوەکان دەکەینە مێز و کورسی بۆ نێو پارکەکە.

هۆشەنگ ئاکۆیی، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی راپەڕین بە 964ی وت، “لە 51%ی دارستانەکە وشکبووە و ئەمڕۆ دەستمان بە بڕینەوەیان کردووە”.

ئەو بەڕێوبەرە روونیشیکردەوە، دوو مانگیان پێویستە بۆ بڕینەوەی هەموو دارە وشکبووەکان و دوای بڕینەوەشیان، دەیانکەنە مێز و کورسی بۆ ناو دارستانەکە.

دەربارەی هۆکاری وشکبوونی دارەکان، هۆشەنگ ئاکۆیی وتی، “لە رانیە و سلێمانی و دهۆک و ناوچەکانی دیکەش هەمان شت روویداوە و نەخۆشییەکە عامە و گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی ساڵی رابردوو، کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر دارەکان”.

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی راپەڕین نەیشاردەوە، کە بیر لەوە دەکەنەوە نەمامی جیاواز لەجێی دارە وشکبووەکان بچێنن، بۆئەوەی کاتێک یەکێکیان نەخۆش دەکەوێت، ئەوانی دیکە بە ئاسانی نەیگرن.

دارستانی دەستکردی رانیە 51 ساڵ لەمەوبەر لەسەر رووبەری 1260 دۆنم بنیاتنراوە و لە هەر دۆنمێک 120 دار چێندراوە.

پێداچوونەوە؛ هەژان هادی