دوو ژینگە دۆستى قەڵادزێ دانەوێلە بۆ باڵندەکان رۆدەکەن
ژمارەیەک خەمخۆر ئەمەیان کردووە
قەڵادزێ؛ سفرەیەکى پڕ لە خۆراک بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان رادەخات
964+
وریا فەتاح
لە کاتێکدا زیاتر لە 25 سانتیمەتر بەفر، دەڤەری پشدەر و قەڵادزێی کردووەتە “بیابانێکی سپی” و ژیانی لە باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان رەش کردووە، بەڵام میهرەبانیی خەمخۆران سروشتی ناوچەکەی گەرم کردەوە.
ئەمڕۆ بەیانى زوو کە هێشتا تیشکى خۆر نەکەوتبووە سەر ئەو ئاوریشمە سپییەى دەڤەرى پشدەر، عەلی دینکە و هاوڕێکانی بە 500 کیلۆ گەنم و دانەوێڵەوە، روویانکردە قووڵایی کڕێوە و 10 کیلۆمەتر لە شار دوورکەوتنەوە، ئەوان لە 14 شوێنی جیاوازدا سفرەیەکی پڕ لە دانەوێڵەیان بۆ باڵندە بێنازەکان راخست تا لە برسان نەمرن.
عەلى دینکە بە 964ـى وت “ناهێڵین باڵندە و ئاژەڵەکان بێ خۆراک بن.” ئەو داوا دەکات هەمووان سەربان و دیواری ماڵەکانیان بکەنە میوانخانەی باڵندەکان، تا ئەو کاتەی تیشکی خۆر بەفری چیا و پێدەشتەکان دەتوێنێتەوە و ژیان بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەگەڕێتەوە.