"ژنانی کورد بەهێزن"
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق خۆزگە دهخوازێت فێری زمانی کوردی ببوایه
964+
فەرهاد حەسەن
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوای تەوابوونی ئەرکەکانی خۆی خۆزگە دەخوازێت بە زمانی کوردی قسەی بکردبا تاوەکو خەڵکی هەرێمی کوردستان گوێیان لێگرتبا، دەشڵیت “ژنانی کورد زۆر بەهێزن”.
دوای تەوابوونی ئەرکەکانی وەکو نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، محەمەد حەسان لە دیدارێکی ماڵپەری نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، کە ئێزیدییەکان گەورەترین قوربانیین لە عێراق، کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ئاوارە لە کامپەکان بگەڕێنەوە، بەتایبەتی منداڵانی ئێزیدی کە لەو ناوچە و کەمپانەدان کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکەیان نییە.
وتیشی “کاتی ئەوە هاتووە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەتایبەت لە شەنگال، من تەنیا باسی ئێزیدیەکان ناکەم، بەڵکو باسی هەموو عێراقییەکانی دیکە دەکەم، بەبێ گوێدانە پێشینەیان”.
بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە، دوای 20 ساڵ کارکردنیان لە عێراق، ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق کۆتایی پێبێت، بەوتەی محەمەد حەسان نێردەی ئەوان لەسەر داواکاریی عێراقییەکان چووەتە ئەو وڵاتە و لەسەر داواکاریی ئەوانیش کۆتایی بە ئەرکەکان دەهێنن، نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام رێزی خواستی وڵاتان دەگرێت کە میوانداریی ئەو نێردانە دەکەن.
بەوتەی محەمەد حەسان، ئەرکەکانیان بە سەرکەوتویی کۆتایی هاتووە، سێ دۆسیە ماوەتەوە کاریان لەسەر بکرێت، ئەوانیش دۆسیەی بێسەروشوێنانی کوەیت و وڵاتانی دیکە لە سەردەمی شەڕ و داگیرکردنی کوەیت، دۆسیەی ماڵ و سامانی کوەیتییەکان و ئەرشیفی نیشتیمانی کوەیت.
ئاماژەی بەوکردووە، “من یەکێکم لەوانەی کە بە عەرەبی وتم خۆزگەم دەخواست بە کوردی قسە بکەم تا خەڵکی عێراق و بە تایبەت ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن گوێم لێ بگرن، بەراستی کوردستان ناوچەیەکی جوانە، ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم سەردانی عێراق بکەن بە کوردستانیشەوە و ژنان لە کوردستان بەهێزن”.