گوندە رەسەنەکەی دەشتی کۆیە
بۆگدی تەمەن 200 ساڵ؛ مێژووی خانووە قوڕەکانی باب و باپیران
عەزیز عەبدوڵا – بۆگد
گوندی بۆگد یەکێکە لەو گوندانەی دەشتی کۆیە کە مێژویەکی دێرینی هەیە و ئێستاش زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی لە خانووی گڵدا دەژین، حاجی باوەدین یادگارترین و کەسی ناو گوندەکەیە کە مابێتەوە.
ئەو بە 964ـی وت، ناوی بۆگد لە بۆگردەوە هاتووە، واتە ئاماژەی چوون بۆ قەڵا یان گرد، ئەم گوندەش تەمەنی بۆ زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام ئامارێکی فەرمی نیە هەریەکە و بەشێوازێک دەیگێڕنەوە.
ئەم گوندە کە پێشتر 150 ماڵی تێدا نیشتەجێ بوون، بەنزیکەی 40 ماڵێکی تێدا ماوەتەوە، هەموو ئەو خانوە گڵانەشیان بەدەست و بازوی خۆیان دروست کردووە، هەر ماڵێک خانووی تازەی بکردایە هەموو خەڵکی گوندەکە خۆبەخشانە چوون هاوکاریان کردووە، وە لەو زەمانەدا ئەم گوندە گەورەترین گوندی دەشتی کۆیە بووە.
دانیشتوانەکەشی لە ئێستادا بەزۆری ڕوویان لە شارەکانی وەک کۆیە، هەولێر، سلێمانی و کەرکوک کردووە، هۆکارەکەشی وەک حاجی باوەدین بۆی گێڕاینەوە، کەمی خزمەتگوزاری و هاوکاری نەکردنی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە.
باو باپیرانمان قەناعەتیان بەژیان هەبووە لە ناویدا بۆیە منیش وا بۆ 34 ساڵ دەچێ لەناویدا دەژیم و زۆریش موڕتاحم و هەزار خانوی سەب دێنێت، حاجی باوەدین وای وت.
حکومەت هاوکارێکی وای لادێکانی نەکردووە، لەم گوندە قوتابخانەکەیان کاتی خۆی خێرخواز دروستی کردووە، وە مزگەوتەکەشیان هەر خێرخواز کردوویەتی، بۆیە ئەگەر دەستی هاوکارییان بۆ دێژ بکەن زیاتر ئاوەدان دەبێتەوە، خەڵکی شارەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ زێدی رەسەنی خۆیان.
ئەوەی دەبینرێت ئێستا بەشێی کەمی خانەکانی گۆڕیوە بۆ کۆنکرێت بە هۆی گۆڕانی شارستانیەتەوە بەڵام لێرە یەشتا خانوی گڵ باڵادەستی خۆی هێشتوەتەوە.
964پەیوەندی کرد بە یەکێتی واحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە سەبارەت بە مێژووی گوندەکە و خانوە گڵەکان ئەو وتی، لەبەرئەوەی ئەو خانووانە بەشێکنین لە کەلەپور و مانەوەیان ساڵانێکی دیاری کراوە، لای ئێمە تۆمارنین، بەڵکو موڵکی هاوڵاتییانی گوندەکەن.
بەڵام ئەو وتی، ئەوەی لای ئەوان تۆمارە تەنیا قەڵای بۆگدە، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە و لە مادەی قسڵ و گەچ بنیاد نراوە، وە لەئێستادا بەشێکی زۆری قەڵاکە داڕوخاوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ئەوەی لەسەر ئەوان بووە نوسراویان کردووە و دەرخستەکەشی تەواو بوە، تەنیا بڕیارەکەی ماوە جێبەجێ بکرێت تا نۆژەن بکرێتەوە.
گوندی بۆگد سەر بەناحیەی ئاشتیە لە قەزای کۆیە، لە ئێستادا زیاتر لە 40 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، بژێوی سەرەکی دانیشتووانەکەی لە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و پڕۆژەی حەوزی ماسییە و بەیەکێک لە شوێنە گرنگەکانی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق ناسراوە، ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا