دیمەنێک لە درۆن - وێنە: ئەرشیف
بۆ بازرگانی ئامادەکراوە
لە بەغدا دەستبەسەر 20 درۆندا گیرا
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە شاری بەغدا دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 درۆنی ناوخۆییدا گرتووە و چوار تۆمەتباریان دەستگیر کردووە.
ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، درۆنەکانیان لابووە و بە مەبەستی بازرگانیکردن ئامادەیان کردووە.
وەزارەتەکە لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا بە ئاشکرا دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو کەرەستانەیان بەمەبەستی بازرگانیکردنیان پێ بووە، ئۆپەراسیۆنەکەش دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی دادوەر ئەنجامدراوە.
ئەم دەستبەسەرداگرتنە لە کاتێکدایە کە درۆنی ناوخۆیی بووەتە مەترسییەکی گەورەی ئەمنی، چونکە گرووپە جیاوازەکان دەتوانن لە ناوخۆدا دروستی بکەن؛ لە رابردوودا چەندین بارەگای سەربازی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دامەزراوەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا لە ڕێگەی درۆنەوە ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
لە کاردانەوەی ئەم مەترسییانەشدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕێنمایی داوەتە دادگا تایبەتمەندەکان کە هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت و ڕەزامەندیی فەرمی درۆن دروست بکات، حەشاری بدات یان بەکاری بهێنێت، بەپێی یاسای دژە تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.