هەوڵی کڕینی "گینێڵ ئینێرجی" دەدات
کۆمپانیای DNO هەنگاو بە هەنگاو دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم دەکاتەوە
فەرهاد حەسەن
کۆمپانیای DNO ی نەرویجی دەڵێت هەنگاو بە هەنگاو دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە کارەکانیان راگیرابوو و ئاشکراشی دەکات هەوڵی کڕینی کۆمپانیای “گینێڵ ئینێرجی” دەدات.
کۆمپانیای DNO ی نەرویجی، کە لە بواری نەوت و گازدا کاردەکات، راپۆرتی دارایی چارەکی دووەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوەو ئەوە دەخاتەڕوو کە توانیویەتی داهاتێکی پێوانەیی بە بڕی 761 ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنێت، کە بە رێژەی 21٪ بەراورد بە چارەکی پێشوو زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، زیادبوونی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی دەریای باکوور و بەرزبوونەوەی نرخی وزە بەهۆی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکە داهاتێکی زۆر بەدەستبهێنێت، ئەمەش قەرەبووی ئەو زیانانەی کردووەتەوە کە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەر کۆمپانیاکە کەوتووە.
قازانجی گشتیی کۆمپانیاکە لەم چارەکەدا گەیشتووەتە 439 ملیۆن دۆلار و قازانجەکەشی بە رێژەی 65٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 83 ملیۆن دۆلار.
کۆمپانیای DNO ئاماژەی بەوەکردووە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا، وەک رێکارێکی خۆپارێزی کارەکانی لە کێڵگەی تاوکێ راگرتبوو. بەڵام دەڵێت، لە رۆژی 9.4.2026 کارکردن لە کێڵگەکە دەستی پێکردووەتەوە و لە 28.6.2026 یش بەرهەمهێنان لە کێڵگەی تاوکێ و لە 11.7.2026 لە کێڵگەی پێشخابوور دەستی پێکردووەتەوە.
کۆمپانیاکە ئێستا نەوتەکەی لە بازاڕی ناوخۆدا بە نرخێک دەفرۆشێت کە لە نێوان 30 بۆ 39 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا هێشتا هەوڵدەدات رێگەیەک بۆ هەناردەکردنی نەوتەکە بۆ دەرەوە بدۆزێتەوە.
هەر بە پێی راپۆرتەکە، لە گەورەترین هەنگاوی نوێیدا، لە رۆژی 7.8.2026 DNO ئۆفەرێکی پێشکەشکردووە بۆ کڕینی تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای گینێڵ ئینێرجی، نرخەکە بە ٪38 بەرزتر لە نرخی بازاڕ دیاریکراوە.
بیژەن موسەوەر رەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری DNO دەڵێت “ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ پشکدارانی گینێڵ تاوەکو سەرمایەکانیان بپارێزن و ببنە بەشێک لە گەشەپێدانی کۆمپانیاکەمان”.
وتیشی “ئێمە حەز دەکەین کەمێک لەو هەژان و دڵەڕاوکێیەی بازاڕ کەم بێتەوە لە بەرانبەر سەقامگیریی زیاتر لە نرخ و باشتربوونی ئاسایشی هەرێمی کوردستان”.
بەپێی ئەو ئامارەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ کۆی بەرهەمهێنانی پاک 88 هەزار و 430 بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، کە داهاتەکەی بریتی بووە لە 760.5 ملیۆن دۆلار و قازانجەکەشی 83.4 ملیۆن دۆلار بووە.