"تەنیا گۆڕین و جێگۆڕکێی یەکەکانە"

بەرگری عێراق دەنگۆی پاشەکشەی سوپا لە نێوان خورماتوو و کەرکوک رەتدەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی بەرگری عێراق، دەنگۆی پاشەکشەی سوپاکەی لە نێوان خورماتوو و کەرکوک رەتکردەوەو و دەڵێت ئەوەی کراوە کشانەوە نییە بەڵکو جێگۆڕکێی یەکەکانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە پاشەکشەیەکی گەورەی سوپای عێراق دەکەن لە خاڵە سەربازییەکانی نێوان دووزخورماتوو و کەرکووک، جەخت لەوەدەکاتەوە، کە ئەوەی روویداوە تەنیا رێکارێکی سەربازیی ئاسایی و گۆڕینی یەکەکانە.

لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند “هیچ راستییەک لەو هەواڵانەدا نییە کە لە هەندێک ماڵپەڕی سۆشیاڵ میدیا و میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە دەربارەی پاشەکشەی گەورەی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکانی نێوان ئەم دوو شوێنە”.

ئەوەشی روونکردەوە، کە ئەوەی ئەنجامدراوە بریتی بووە لە دووبارە بڵاوەپێکردنەوە و گۆڕینی شوێنی یەکە سەربازییەکان، ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی ئاسایی و بەهێزکردنی هەندێک لە خاڵە سەربازییەکان بە هێزی زیادە.

جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پلان و رێکارە سەربازییە پەسەندکراوەکانی سوپادایە و هیچ پەیوەندییەکی بە پاشەکشەکردن یان چۆڵکردنی خاڵە سەربازییەکانەوە نییە.