30ی هەموو مانگێک

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی وادەی لێبڕینی قیستی دیاریکرد

964+

ئەحمەد مستەفا

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، رۆژی 30ی هەموو مانگێکی دیاریکرد وەک کاتی بڕینی قیستی مانگانەی قەرزی ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان لە بانکەکەیان تەوتین کراوە.

وەک لە راگەیەنەدراوەکەیدا باسی کردووە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی کەمکردنەوەی باری دارایی سەر شانی فەرمانبەرانە و رێگریکردنە لە بڕینی دوو قیست لە یەک مانگدا.

ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای نووسراوی فەرمانگە حکومییەکانە کە داوای رێکخستنی میکانیزمی بڕینی قەرزەکان بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی قەرزداران بێت.

عەقیل شوەیلی، شارەزای ڕاگەیاندن لە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی رایگەیاندووە، دیاریکردنی وادەیەکی یەکگرتوو هەنگاوێکی گرنگە بۆ رێکخستنی پرۆسەی وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان و سووککردنی باری سەر شانی فەرمانبەرە قەرزدارەکان.

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI گەورەترین و سەرەکیترین بانکی حکومییە بۆ بازرگانی لە عێراقدا، ئەم بانکە لە ساڵی 2003 دامەزراوە بۆ ئاسانکاری پرۆسەی هاوردەکردن و هەناردەکردن و بەڕێوەبردنی دارایی بازرگانی دەرەوەی وڵات.

بانکەکە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە ئابووری عێراقدا و نزیکەی 80%ی دارایی بازرگانی وڵات کۆنترۆڵ کردووە، بانکەکە بەشدارە لە پڕۆژەی هەژماری من لە هەرێمی کوردستان.