لەلایەن عەرەبى هاوردە
“جارێکی تر تەعریب دەکرێین”؛ کوردانی گوندی شێرک لە خانەقین دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان گردبوونەوە
میلاد جەلال- گەرمیان
کوردانی گوندی شێرک لە سنووری قەزای خانەقین گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و هۆشداری دەدەن لەوەی جارێکی تر رووبەڕووی هەڵمەتی “تەعریب” دەبنەوە، پاش ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لێ سەندراوەتەوە.
دانیشتووە کوردەکانی گوندەکە باس لەوە دەکەن کە ماوەی دوو ساڵە زەوییەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە داگیرکراوە و دەكێڵرێن، لەکاتێکدا ئەوان لە دوورەوە تەنیا سەیری زەوییەکانیان دەکەن. وەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن، بەهۆی ئەوەی دامەزراوەکانی حکومەت و یاسا پشتیوانی لە عەرەبە هاوردەکان دەکەن، ئەوان لە ترسا تەنانەت ناوێرن نزیکی زەوییەکانی خۆشیان بکەونەوە.
گوندی شێرک دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقینەوە، لە کۆی نزیکەی 200 ماڵی گوندەکە، تەنیا 70 ماڵیان کوردن و زۆرینەی گوندەکە کە عەرەبن، جڵەوی ناوچەکەیان گرتووەتە دەست.
لە ئێستادا دۆخی کوردەکانی ئەو گوندە بە جۆرێکە کە تەنیا ماڵەکانیان بەدەستەوە ماوە و بێ زەوی و سەرچاوەی بژێوی ماونەتەوە. هاوکات لە میانەی گردبوونەوەکەیاندا، رەخنە و گلەیی توندیان ئاراستەی حزبە سیاسییە کوردییەکان کرد کە لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییەدا بێدەنگن و هیچ جۆرە پشتیوانییەکیان ناکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح