بڕیارەکەى وەزارەتى پەروەردەى هەرێم کارى پێناکرێت
کەرکوک؛ پۆشاکى فەرمیى عێراق بەسەر خوێندنى کوردیدا دەسەپێندرێت
وریا فەتاح
پرسی دیاریکردنی شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان لە کەرکوک، بووەتە هۆی دروستبوونی سەرلێشێواوی لەنێوان بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەی عێراق، چونکە ئەو بڕیارەى پەروەردەى هەرێم بۆ بەکپۆشى داویەتى خوێندنى کوردى کەرکوکیش دەگرێتەوە، بەڵام بڕیارێکى پەروەردەى کەرکوک ئیدارەی قوتابخانەکانی خستووەتە ژێر هەڕەشەی سزای کارگێڕییەوە ئەگەر پابەندى بڕیارەکەى پەروەردەى عێراق نەبن بۆ یەکپۆشى.
نیسانى ئەمساڵ، وەزارەتى پەروەردەى هەرێم لەبارەى یەکپۆشى جلوبەرگى قوتابیان لە قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان بڕیاریدا و بڕیارەکەش خوێندنى کوردى دەگرتەوە لە کەرکوک کە دەبێت پابەندى ئەو بڕیارە بن.
دەقى نوسراوەکەى پەروەردەى کەرکوک:
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک (کە سەر بە بەغدایە) بە نوسراوێکی فەرمی بڕیارێکی جیاوازیدا و بەپێی ئەو نوسراوە فەرمییە نوێیەی کە واژۆی “مەنسور مەزری سەلوم” بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوکی لەسەرە، سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە و بەتایبەت (خوێندنی کوردی، تورکمانی و سریانی) پابەند کراون تەنیا بە بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، دەبێت جلوبەرگی کوڕان و کچان تەنها پانتۆڵ یان سەدرەی (رەساسی، نیلی، ڕەش، قاوەیی) بێت و بۆ کراسیش تەنیا رەنگەکانی (سپی و شینی ئاسمانی) رێگەپێدراوە. پەروەردەی کەرکوک هۆشداریشی داوە کە هەر قوتابخانەیەک سەرپێچی ئەمە بکات، ئیدارەکەی دوچاری سزای کارگێڕی و یاسایی دەبێتەوە.
ئەم گشتاندنە توندەی پەروەردەی کەرکوک لە کاتێکدایە، تەنیا دوو رۆژ لەمەوبەر دوکاندارانی بازاڕی “حەسیرەکە” لە دژی بڕیارەکەی پەروەردەی هەرێم خۆپیشاندانیان کرد. کاسبکاران دەیانوت بڕیارەکەی هەرێم درەنگ پێیان گەیشتووە و ئەوان پێشتر قوماش و جلوبەرگی دیکەیان هێناوە، هەروەها هێنانی ئەو جلوبەرگەی پەروەردەی هەرێم داوای دەکات لە هەولێر و سلێمانییەوە، بەهۆی بازگەکانەوە زۆر گران لەسەریان دەکەوێت و تووشی زەرەری گەورەیان دەکات.
هە ئەو رۆژە محێدین، سەرپەرشتیاری یەکەی بنەڕەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بەرگری لە بڕیارەکەی پەروەردەی هەرێم کرد و بە 964ـى وت: “دەمانەوێت خوێندنی کوردی تایبەتمەندی خۆی هەبێت و بڕیارەکە لە بەرژەوەندی قوتابیانە چونکە نرخەکەی هەرزانترە”. هۆکاری ناڕەزاییەکانیشی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە بەشێک لە خێزانەکان پەلەیان لە کڕینی جلوبەرگ کردووە.
لە ساڵی داهاتووەوە یەکپۆشی لە ناوەندەکانی خوێندن پەیڕەو دەکرێت و بۆ هەر قۆناغێک، وەزارەتی پەروەردە جۆرە جلوبەرگێکی داناوە، جلە سپییەکە نەما و زۆرینەیان تێکەڵەیەکە لە نارنجی و مارۆنی و نیلی و رەساسی.
وەزارەتی پەروەردەى هەرێم رەنگی جلوبەرگە تازەکەی قوتابیانیانی بەم شێوەیە دیاریکردووە؛
باخچەی منداڵان
کچ: تیشێرتی نارنجی + تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی
کوڕ: تیشێرتی نارنجی + پانتۆڵی نیلی
قۆناغی بنەڕەتی (1 بۆ 6)
کچ: تیشێرتی مارۆنی + تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی
کوڕ: تیشێرتی مارۆنی + پانتۆڵی نیلی
قۆناغی بنەڕەتی (7 بۆ 9)
کچ: تیشێرتی نیلی + تەنوورە یان پانتۆڵی رەساسی
کوڕ: تیشێرتی نیلی + پانتۆڵی رەساسی
قۆناغی ئامادەیی (10 بۆ 12)
کچ: تیشێرتی رەساسی + تەنوورە یان پانتۆڵی رەش
کوڕ: تیشێرتی رەساسی + پانتۆڵی ڕەش
جلوبەرگی ئارەزوومەندانە؛
قەمسەڵە و جلی وەرزشی: پۆشینیان ئارەزوومەندانەیە، بە مەرجێک رەنگەکانیان گونجاو بێت