بۆ پڕۆژەیاسا پەسەندکراوەکەیە

ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە

فەرهاد حەسەن

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک کۆببنەوە و بابەتەکەشیان پڕۆژەیاسای چوارچێوەیە کە لەچەند رۆژی رابردوو لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا.

ئەوانەی بەنیازن لەگەڵ ئەردۆغان کۆببنەوە بریتیین لە مەدحەت سانجار و پەروین بوڵدان.

میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویان کردەوە کە کۆبوونەوەکە کاتژمێر 4:00ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت.

پێشتر لە رۆژی 10.8.2026، پڕۆژەیاسای چوارچێوە کە ناوی لێنراوە “پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی” لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بە 468 دەنگی بەڵێ پەسەندکرا و بووە یاسا، بەڵام کاتێک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دوای ئەوەی کە سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەر بکات و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.