فرۆشیارێكی مۆلیدە لە هەولێر

“نرخی مۆلیدە گران نەبووە و هەرزان بووە”

964+

عەبدولعەزیز خالند

بەهۆی پچڕانی كارەبا خەڵك مۆلیدە دەكڕن و ئەمڕۆ بازاڕی مۆلیدەفرۆشەكان لە هەولێر گەرم بوو، بەڵام دوكاندارێك دەڵێت، مۆلیدە زۆرە و گرانیش نەبووە، بەڵكو هەرزان بووە.

پەیامنێری 964 درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.11.2025 چووەتە بازاڕی سورچی لە هەولێر، لەوێ نزار ئەكرەم، فرۆشیاری كەلوپەلی كارەبایی قسەی بۆ كردووە و دەڵێت، ئەمڕۆ زیاتر لە 100 مۆلیدەی فرۆشتووە و بازاڕیان باشە.

وتیشی، “مۆلیدە زۆرە و گران نەبووە و هەرزانیش بووە، حەزدەكەی سبەی وەرە چەند مۆلیدەت دەوێ لۆت دەینم”.

نزار ئەكرەم دەڵێ، خەڵك سەبری نییە و كارەبای دەوێت، دەكرێت ئارام بگرن تا كارەبا چاكدەبێتەوە.

ئەو باسی فرۆشتنی مۆلیدەی گەورە و بچووك دەكات، كە خەڵكی ئاسایی دەیكڕن و بەشێكیان لەبەر دوكان و ماركێتەكان دەیكڕن.

“هیوادارم كارەبا زوو چاكبێتەوە و ئەو كێشەیە نەمێنێ، قەینا با ئێمە بازاڕمان نەبێت، بەڵام خەڵك كێشەی كارەبای نەبێت”، ئەوە قسەی نزار ئەكرەمی فرۆشیاری مۆلیدەیە لە هەولێر.

بەهۆی هێرشەكەی شەوی رابردوو سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا وەستاوە، بەمەش كارەبای شارەكانی كوردستان پچڕاوە و لە هەندێك لە گەڕەكەكان مۆلیدەی ئەهلی هەڵكراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا