وردەکاری کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغداد

هاوبەشییەکی نوێی تۆم باراک؟

ژووری هەواڵ

دوو رۆژە تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق و سووریا لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد و هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەدایە بە ئامانجی “ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان” لە نێوان واشنتن و بەغداد.

ئەمڕۆ سێشەممە 16.6.2026 گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریاش.

سەرەتا لە بەغدا: داڕشتنی بناغەی دەوڵەتێکی بەهێز و پەیوەندی بازرگانی

لە بەغداد باراک و شاندەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبوونەوە. پەیامی ئەمریکا روون بوو: پشتیوانییەکی بێ مەرج بۆ حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام بە مەرجی سەروەریی تەواوی دەوڵەت. باراک جەختیکردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە دۆخی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی درێژخایەن بگوازێتەوە، ئەوەش لە رێگەی بەهێزکردنی دامەزراوەکان و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەبێت. بەیاننامە هاوبەشەکەی هەردوولا زیاتر لە رێککەوتنی بازرگانی دەچوو و تێیدا ناوی ئەو کۆمپانیایانە هاتبوو کە کار لە عێراق دەکەن یان دەیانەوێ کاربکەن.

قۆناغی دووەم: بەرەو هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی

لەگەڵ بارزانی: پاراستنی سیستم و داماڵینی میلیشیاکان

لە بارەگای بارزانی، تێڕوانینەکان بۆ داهاتووی عێراق نزیک بوون. باراک لە دیدارەکەدا دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا پشتیوانی هەوڵەکانی عەلی زەیدی دەکات بۆ “داماڵینی چەک لەدەستی میلیشیاکان و هاتنەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق”. بارزانیش لە بەرامبەردا جەختی لە رۆڵی مێژوویی هەرێم کردەوە و وتی: “هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پڕیشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە.”

لەگەڵ سەرۆکی هەرێم: رێککەوتنی ناوچەیی و ئاشتی

دواتر باراک و شاندەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تیایدا رێککەوتنی نێون ئەمریکا و ئێران و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق تاوتوێ کرا، هەردوو لایەنی کۆبوونەوەکە پێشوازیان لە رێککەوتنەکەی نێوان تاران و واشنتن کرد و هیوایان خواست ببێتەهۆی هێنانەدی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە.

نێچیرڤان بارزانی داوایکرد، بەپێی دەستوور کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ چارەسەر بکرێن و جەختیشی لە پشتگيريى هەرێم لە کابینەکەی عەلی زەیدی کردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی و باراک کۆک بوون لەسەر گرنگیی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە. تۆم باراک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپات کردووەتەوە و هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بکات.

لەم کۆبوونەوەیاندا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادە بوو. تا کاتی ئەم نووسینە هیچ رونکردنەویەک دەرنەچووە دەربارەی بەشداریکردنی عەبدی.

لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم: کاراکردنەوەی پەرلەمان و وزە

لەگەڵ گەیشتنیان بۆ هەولێر شاندەکەی ئەمریکا چوونە لای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەپێی راگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.

هەر لە گرنگی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری وزەدا باسی لەبارەوە کرا.

هاوکات جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کردەوە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.

لەگەڵ بافڵ و قوباد تاڵەبانی: نیگەرانییەکی روون

پێش ئەوەی بێتە هەولێر لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و هەروەها بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا بەدیھێنانی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی، پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی عیراق جەختی لەسەر کراوەتەوە، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەکان.

هاوکات بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و وتوویەتی، “شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”.

تویتەکانی تۆم باراک: هاوسەنگی راگرتنی پەیوەندیە کۆنەکەی ئەمریکا لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی!

تۆم باراک دەربارەی کۆبوونەوەکانی لە گەڵ کورد دوو تویتی بڵاوکردەوە؛

تویتێک بۆ “بارزانی”

“خۆشحاڵ و سەرفرازم ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبوومەوە، هاوڕابووین لەسەر پاڵپشتیکردنی عێراقێکی سەقامگیر و سەربەخۆ و ئاوەدان، گفتوگۆکانمان دەرفەتە گرنگەکانی لە بواری وزە و ئابووری و هەروەها رێچکەی بەردەم هەولێر و بەغدای بەرەو پێش برد”.

تویتێک بۆ “تاڵەبانی”

“پێشوازیم لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز و قازانجی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق، لەوانەش لەڕێگەی دۆستایەتی بەردەواممان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، من پێشوازیم لە بەشدارییە گرنگەکانیان کرد بۆ دڵنیابوون لەوەی عێراق بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر سەروەری خۆی بپارێزێت و توانای هاوبەشی خۆی لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوی بەدیبهێنێت”.