ئاسکەکان گەڕانەوە سروشت

حەوت تایەشیان تەقاند؛ بەڵام راوچییەکان بۆیان نەچووەسەر

میلاد جەلال – گەرمیان

شەوی رابردوو لە کاژمێر 3:00ی شەو کە کاتی پشوودانە لەو کاتەدا، وەک پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، “کۆمەڵکێک خەڵکی بێ ویژدان و لە یاسا دەرچوو”، ئەوەیان بە هەل زانیوە هەستاون بە ڕاوکردن و گرتنی بێچوە ئاسک.

رووداوەکە، بە پیادە لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو روویداوە.

عەمید شوان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگە و دارستانی گەرمیان بە 964ی وت، بە هەوڵی لێپرسراوی بنکەی قۆرەتوو لەگەڵ کارمەندەکانی بنکە هەستاون بە راوەدونانیان راوچییەکان هەڵاتوون کە دوو کەس بوون.

وە لە دوای خۆیان 10 بێچوە ئاسکیان بەجێهێشتووە، شوان محەمەد وتی، لە ئێستادا بەدوای ئەوە دەگەڕێین کە بێچوە ئاسکەکان بگەڕێنینەوە بۆ لای دایکیان، ئەو راوچییانە بە ئاسنی دڕکاوی هەوڵی پەکخستن و گەڕانی کارمەندەکانمان دەدەن، شەوی رابردوو حەوت تایەمان تەقیوە.

دوای ئەو قسانەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بۆ 964 کردی، ئەفسەر و کارمەندەکان چوونەوە سنووری ناحیەی قۆرەتوو و بێچووەکانیان گەڕاندەوە بۆ سروشت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا