مۆبایلی پێ نییە
پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ دوو رۆژە ونە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەنیازی ئەوەی بگات بە پیرەمەگروون، ماوەی دوو رۆژ دەبێت هاوڵاتییەكی دانیشتووی قەزای حاجیاوا لە دەڤەری راپەڕین، بۆ سەردانی ماڵی براکەی هاتووەتە دەرەوە لەماڵ، بەڵام نەگەیشتووەتە جێ و هیچ سۆراغێکیشی نییە.
ئەو هاوڵاتییە ناوی كاوە عەلییە، تەمەنی 60 ساڵە، برازاکەی دابان کەمال بە 964ـی وت، خۆی بە بنەچە خەڵكی قەزای دوكانە، بەڵام ئێستا لە قەزای حاجیاوا دادەنیشێت.
وتیشی، “دوێنێ بەیانییەكەی مامم لە مەفرەقی حاجیاوا بەنیازی ماڵی ئێمە هاتووە بۆ پیرەمەگروون، بەڵام نەگەیشتووەتە لامان و لەوكاتەوە بەدوایدا دەگەڕێین و هیچ دەنگوباسی نییە”.
ئەم دوو ژمارەیە، کەسوکاری ئەون، ئەگەر زانیارییەک شک دەبەن پێیان بگەیەنن؛
07718886411
07511941084
وەک دابان باسی کرد، دوێنێ قەزای دوكان و ناحیەی پیرەمەگرونی لێگەڕاون، ئەمڕۆش زۆرینەی ناوچەکانی سلێمانی گەڕاون، بەڵام نەیان دۆزیووەتەوە و هیچ سەرەداوێكیان لەسەری دەست نەكەوتووە.
ئەوەی كاری ئەوانی قورس كردووە، مامی مۆبایلی نییە و بەكاریناهێنێت، بۆیە دۆزینەوەی بە زەحمەت دەبینن، دابان کەمال دەڵێ، تائێستاش بە هیوای هاتنەوەی لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار نەكردووەتەوە، بەڵام لە بەیانییەوە ناچارن هانا بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكان بەرن.
بە گوێرەی ئەو وێنەیەی بۆ 964 نێردراوە، هاوڵاتییەکە چاویلکە بەکاردەهێنێ و بەشی سەرەوەی قژی رووتاوەتەوە و تەنیشتەکانی سپی بووە، پیاوێکی بەخۆوەیە و وەک پۆشاک، شەڕواڵ و کراسی لەبەر کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا