دیمەنی ناوبازاڕی سلێمانی _ وێنە: 964
لە سلێمانی
شارەوانی و قایمقامیەت بۆ چارەسەری زیادەڕۆیی ناوبازاڕ کۆبوونەوە
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی سلێمانی دەڵێ، لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی، ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە نێوان سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و قایمقامی سلێمانی و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت بەڕێوەچووە.
وەک باسی دەکەن، بۆ تاوتوێکردنی دیاردەی زیادەڕەوی و دانانی ڕێکارە کاریگەرەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشانەی کە لە ئەنجامی داگیرکردنی شوێنە گشتییەکان و پێشێلکردنی یاسادا دروست بوون.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی باس لە ئاستەنگ و گرفتەکانی ئەم دیاردەیە کرا و ئاماژە بەوە درا کە ئەنجامدانی زیادەڕەوی لەسەر شەقام و شۆستەکان، جگە لە دروستکردنی کێشەی هاتووچۆ و ناڕێکی، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر سیمای شار و مافە گشتییەکانی هاوڵاتییان هەیە، بۆیە جەخت لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی یاسا و توندوتۆڵکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرایەوە.
شارەوانی سلێمانی ئەوەی راگەیاندووە، جەختیان لەسەر پشتیوانی تەواو لە تیمەکانی لادانی زیادەڕەویی کردەوە و ئەو پێشێلکاری و بێڕێزیانەشیان سەرزەنشت کرد کە هەندێک جار لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانیاندا رووبەڕووی تیمەکان دەبنەوە، سەرباری ئەوەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت و تیمەکانی شارەوانیی بەبێ بوونی بودجە و ستاف و هاندانی پێویست دڵسۆزانە خزمەت دەکەن، هەر بۆیە بڕیاردرا توندترین ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆ و سەلامەتیی کارمەندان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی چاودێری و بەدواداچوونی تیمەکانی شارەوانی و لیژنەکانی قایمقامییەت لە دوای کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی تاوتوێ کرا، بەجۆرێک بڕیار درا کار بە پلانێکی تەواوکاری بکرێت بۆ ڕووماڵکردنی هەموو کاتژمێرەکانی رۆژ و کەمکردنەوەی ناڕێکییەکان لە شەقام، شۆستە و ناوبازاڕەکانی شار، هەروەها پرسی پەناگەی ئاژەڵی بێلانە و میکانیزمی کۆکردنەوەی ئاژەڵە بێسەرپەرشتەکان لە گەڕەک و کۆڵانەکان خرانە بەر باس و تاوتوێ کران.
ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پاراستنی سیمای شار، موڵک و ماڵی گشتی و بەرژەوەندیی هاوڵاتییان لە ئەولەویەتەکانی کاریانە و رێگە بە هیچ جۆرە زیادەڕەوییەک نادرێت، هەروەها پلانێکی هاوبەشی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە ئامادە کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.