لە زانکۆی سەڵاحەدین

مەشقی هاوینەیە؛ 30 خوێندکار دەچن و 30 خوێندکاری دیکە دێن

ئەحمەد مستەفا

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر خۆی حازر کردووە ئەمساڵ بۆ مەشقی هاوینە و پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی زانیاری، خوێندکارەکانی بگەیەنێت بە ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان و لەوێشەوە خوێندکاری دیکە دێنە هەرێمی کوردستان.

بۆ ئەو مەشقانە، زانکۆکە لەگەڵ ژمارەیەک زانکۆی “ئوردن، عومان، میسر، یەمەن و فەڵەستین” لێکتێگەشتنی هەیە.

سامان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ئەو ئەمڕۆ سێشەممە 16.6.2026 لە بڵاوکراوەیەکدا کە بۆ میدیاکانی ناردووە باس لەوەدەکات، ئامادەکاریی کراوە بۆ رێکخستنی پڕۆسەی ناردنی 30 خوێندکاری زانکۆکەیان بۆ وڵاتانی عەرەبی بە مەبەستی وەرگرتنی مەشقی هاوینە.

پڕۆسەکە سەرەتا لەلایەن بەشە جیاجیاکانی زانکۆوە ئەنجام دەدرێ، بەشەکان قوتابییانی خۆیان هەڵدەبژێرن و ناوەکانیان بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ رەوانە دەکەن، دواتر لە سەرۆکایەتیی زانکۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانستییان بۆ ئەنجام دەدرێت و لە نێو سەرجەم نێردراوەکاندا، قوتابی بۆ مەشقی هاوینە دیاری دەکرێن.

پڕۆگرامەکە دوولایەنەیە، وەک سامان عەبدوڵا باسی دەکات، لەگەڵ ناردنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، زانکۆی سەڵاحەدین پێشوازی لە 30 قوتابی ئەو وڵاتە عەرەبییانە دەکات تاوەکو لە ناوەندە زانستییەکانی زانکۆکەدا مەشقی هاوینە ببینن.