ئەمڕۆ ساڵیادیەتى
تەمەنى بەنداوى دەربەندیخان بوو بە 64 ساڵ
964+
وریا فەتاح
یەکێک لە ستراتیژیترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەنداوی دەربەندیخانە، کە ئەمڕۆ تەمەنى دەبێتە 64 ساڵ.
ئەم بەنداوە کە لە 23ی تشرینی دووەمی ساڵی 1961 لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، عەبدولکەریم قاسمەوە کرایەوە.
پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوەکە لە ساڵی 1956 دەستیپێکرد، کۆمپانیای “هارزا”ی ئەمریکی، وەک لایەنێکی سەرەکی، دیزاین و نەخشەی بەنداوەکەی گرتە ئەستۆ، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە و ئەندازیارانی عێراقییەوە ئەنجامدرا.
ئەم بەنداوە بە ناوازەیی دیزاینەکەی لە کات و سەردەمی خۆیدا ناسراوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی کە بەنداوێکە لە پڕکردنەوەی بەرد بە ناوکێکی قوڕین، کە ئەم شێوازە بۆ بەرگریکردن لە بوومەلەرزە زۆر گونجاوە، بەتایایبەتی کە ناوچەکە نزیکە لە پشتێنەی بوومەلەرزەیی ڕۆژئاوای ئێران.
بەنداوى دەربەندیخان بەژمارە:
تەمەن: 64 ساڵ (23.11.1961 – 23.11.2025)
بەرزی: 128 مەتر
پانی: لە بنکەدا 500 مەتر و لەسەرەوە 17 مەتر
توانای گلدانەوە: 3 ملیار مەتر سێجا ئاو
شوێن: دەکەوێتە سنووری قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی و دیمەنێکی سروشتی جوان و سەرنجڕاکێشی بە سنوورەکە بەخشیوە.
گرنگی: بە دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت لە رووی توانای گلدانەوەی ئاوەوە، دوای بەنداوی دووکان.
بەنداوی دەربەندیخان جگە لە پاراستنی ناوچەکانی خوارووی لە لافاو، سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوە بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوە، هەروەها وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی بە توانای 250 مێگاوات لەخۆدەگرێت کە لە سێ یەکەی سەرەکی پێکدێت.
بەهۆى وشکەساڵى و کەمبارانى ساڵى رابردوو، ئەمساڵ بەنداوەکە بڕێکى زۆر ئاوى لەدەستدا، بەشێوەیەک لە 1.8.2025، تەنیا 1 ملیار و 447 ملیۆن مەترسێجا ئاوى تێدابوو.