داودە؛ 50 دۆنم دەغڵودانی جوتیاران و تراکتۆرێکیش سووتا
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاگرێکی گەورە لە دەغڵودانی گوندی “لفتی ئاغا” لە سنووری ناوچەی داودە (سەر بە قەزای کفری) کەوتەوە، بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان دانیشتووانی ناوچەکەش ئاگرەکە بە دەستی ئەنقەست کراوەتەوە.
بەرهەم کامەران، جوتیارێکی ناوچەکەیە و لە لێدوانێکدا بۆ 964 رایگەیاند: ئێمە خاوەنی 85 دۆنم زەوی کشتوکاڵین لە گوندی لفتی ئاغا، بەهۆی ئەم ئاگرەوە نزیکەی 50 دۆنم لە زەوییەکانمان کە چێنرابوون سووتاون، لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە و دڵنیاین کارەکە بە دەستی ئەنقەست بووە، چونکە لە شوێنی رووداوەکە شقارتە و کەرەستەی تری سووتاندن دۆزراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا نازانین کێ لە پشت ئەم کارەوەیە.
هاوکات، سوبحی خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی لفتی ئاغا بۆ 964 پشتڕاستی کردەوە کە ئاگرەکە زیانی گەورەی بە دەغڵودانی ناوچەکە گەیاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی هەوڵدانی خەڵکی گوندەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە پێش گەیشتنی تیمەکان، تراکتۆرێکی هاووڵاتیان ئاگری گرتووە و زیانی پێگەیشتووە.
ئەنجومەنی گوندەکە وتیشی: “گومانەکەمان هەیە کە ئاگرەکە بە دەستی ئەنقەست کرابێت، چونکە دۆزینەوەی شقارتە لە چەند شوێنێکدا ئەمە دەسەلمێنێت. دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دۆخەکە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام ئێمە داوامان لە هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە کردووە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە بکەن و ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە ئەم کارە تێکدەرانەیان ئەنجامداوە.”
پێداچوونەوە: پەری ساڵح