هەڵمەتەکە مەرز و بازگەکانیشی گرتووەتەوە

گەرمیان دەرمانی مێشوولەی رشت

ژێوار خدر

لە سنووری گەرمیان هەڵمەتێکی بەرفراوانی قاڵاچۆکردنی مێش و مێشوولە لە سنوورەکە کۆتایی پێهات، کە جگە لە سەنتەری شار و قەزاکان، سەرجەم ناحیەکان، مەرزی پەروێزخان و بازگەکانیشی گرتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، تیمەکانیان بە سەرکەوتوویی پلانەکەیان جێبەجێ کردووە و تەواوی سەنتەری شاری کەلار، قەزای کفری و قەزای رزگارییان دەرمانڕێژ کردووە.

دەشڵێت، تیمەکانمان لەم هەڵمەتەدا گەیشتوونەتە ناحیەکانی؛ سەرقەڵا، کوڵەجۆ، قۆرەتوو، پێباز، شێخ تەویڵ و مەیدان، هەروەها بەشێکی گرنگی هەڵمەتەکە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، گوندەکانی ساڵح ئاغا و ژاڵەناو و سەرجەم بازگەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانی گرتووەتەوە.

ئەم هەڵمەتە وەک رێکارێکی ساڵانە بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکە و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە رێگەی مێش و مێشوولەوە ئەنجام دەدرێت.