دەبێتە پێنجەم دارستانی دەستکرد
لە قەزای رزگاری 12 دۆنم زەوی دەکرێت بە دارستان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەشی باخچەکانی شارەوانی قەزای رزگار دەستیانکرد بە دروستکردنی دارستانێکی دیکەی دەستکرد لەسەر روبەری 12 دۆنم زەوی، ئەوەش دەبێتە پێنجەم دارستان لە قەزاکە.
ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی قەزای رزگاری بە 964ـی وت،”ئەمە پێنجەم دارستانی دەستکردە دروستی دەکەین لەناو سەنتەری قەزاکە، پلانمان ھەیە دوای تەواوبوونی ئەم دارستانە، یەک بۆ دوو مانگی دیکە دەستدەکەین بە دروستکردنی شەشەم دارستان”.
“ئەم دارستانە دەستکردە دەکەوێتە گەڕەکی گەرمیان، لەسەر رووبەری 12 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و نزیکەی دوو ھەزار نەمامی تێدا دەچێنین”، ئەرسەلان ئەحمەد وای وت.
ئەوان بیریان لە ئاودانی دارستانەکەش کردووەتەوە و پێش ئەوەی کارەکەیان دەستپێبکەن، بیرێکی ئیرتیوازیان بۆی ھەڵکەندووە، بۆئەوەی لە وەرزی گەرما و هاویندا گرفتی ئاودان و وشکبوونی دارەکانیان نەبێت.
بەپێی ئاماری شارەوانی رزگاری، رێژەی سەوزایی لە قەزاکە گەیشتووەتە نزیکەی 11%.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری