گومان دەکرێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێ

کۆگایەکی خواردنی سەگ و پشیلە و ماسی لە سێتاقان سووتا 

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گەڕەکی سێتاقان پشت مزگەوتی حاجی موراد كۆگایەكی دانەوێڵە و خۆراك و كەلوپەلی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی ئاگری گرت.

ئاگرەکە لەلایەن نۆ تیمی بەرگری شارستانیی هەولێرەوە كۆنترۆڵ كرا و مقدەم هێمن ئەحمەد سەرپەرشتیاری تیمەكان بە 964ـی وت: ئاگرەكە گەورە بوو و چوو بووە بەشی پشتەوەی كۆگاكە، توانیمان بەبێ زیانی گیانی كۆنترۆڵ بكەین  لیژنەش پێكهاتووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی.

هەندرێن حەكیم شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە و مامی خاوەنی یەكێك لە دوكانەكانە، ئەو بە 964ـی وت: كۆگاكە كەلوپەلی ئاژەڵی و خواردنی سەگ و پشیلە و ماسی لێیە و بە نزیکەی 50 دەفتەری زەرەری کردووە.

بەشێك لەو کەسانەی لە شوێنی رووداوەکە بوون، باسیان لەوەکرد، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارباوە بووە، بەڵام بەرگری شارستانی تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لەگەڵ ئاگرەکەدا محاویلەیەکی کارەبا سووتاوە و بەهۆیەوە ماڵ و دوکانەکانی دەوروبەری کۆگاکە بێکارەبا بوون.