CMC ئەم بڕیارەی بەشێوەیەکی کاتی دەرکردووە
فرۆشتنی سیمکارت لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی بریکار و دوکانەکانەوە راگیرا
فەرهاد حەسەن
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) بڕیاریدا بە راگرتنی فرۆشتنی سیمکارتی مۆبایل لە رێگەی بریکار و شوێنەکانی فرۆشتن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی، تا ئەو کاتەی پڕۆسەی “وردبینیی ئەمنی و ئەلیکترۆنی” تەواو دەبێت.
بەلیغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەکە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە چەندین سکاڵا و سەرپێچی سەبارەت بە تۆمارکردنی سیمکارت بە ناوی هاوڵاتیانەوە تۆمارکراون بەبێ ئاگاداربن یاخود رەزامەند بووبن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم کارە زیانی یاسایی، دارایی و کۆمەڵایەتیی گەورە بە مافی بەشداربووان دەگەیەنێت، بۆیە ئەم بڕیارەیان دەرکردووە.
هەر بەپێی بڕیارەکە، فرۆشتنی سیمکارت لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە “ناوەندە سەرەکییەکانی کۆمپانیا مۆڵەت پێدراوەکانی مۆبایلدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش تاوەکو ئەو کاتەی رێکارەکانی پەیوەست بە سیستەمی “وردبینیی ئەلیکترۆنی” جێبەجێ دەکرێن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی کڕیاران.
ئەبو کەلەل جەختی کردووەتەوە، کە ئامانج لەم بڕیارە سنووردارکردنی هاوڵاتیان نییە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، بەڵکو بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی هەموو پڕۆسەیەکی فرۆشتن بەپێی رێسا یاساییەکان بێت و رێگری بکرێت لە ساختەکاری، دزینی ناسنامە و خراپ بەکارهێنانی سیمکارتەکان.
دەستە عێراقییەکە داوای لە هاوڵاتیانیش کردووە، کە رێگە بە هیچ لایەنێک نەدەن لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان سیمکارت بە ناویانەوە تۆمار بکەن، داواکاریشە هەر حاڵەتێکی گوماناوی هەبوو دەربارەی بەکارهێنانی زانیارییە کەسییەکانیان، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.