"لەماڵی بازرگانێکە و بابەتەکە گەندەڵییە"

لە سەڵاحەدین دەستبەسەر چوار ملیار دینار و پێنچ ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا گیرا

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بازرگانێکی نزیک لە پەرلەمانتار و پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و دەستیان بەسەر بڕی چوار ملیار دینار و پێنج ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا گرت.

هەڵمەتەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە 10.8.2026​ جێبەجێکرا.

​یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی  راگەیاند، ​چەند رۆژێک پێش ئێستا سێ برای ئەم سەرمایەدارە بەتۆمەتی تێوەگلان بەگەندەڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران، ئەمڕۆش هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی براکەی دیکەیان بەناوی “محەمەد هەجەف” لە سەڵاحەدین و دەستیان بەسەر چوار ملیار دیناردا گرت.

پارەکە لە پشت تابلۆیەکی گەورەی ناو ماڵەکەدا شاردرابووەوە.

وتیشی “لەهەڵمەتەکەدا پێنج ئۆتۆمبێلی گرانبەهاش دەستیان بەسەردا گیراوە، کە لە جۆرەکانی رۆڵز رۆیس، بوگاتی و مەرسیدس و مایباخ بوون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەرمایەدارە پەیوەندیەکی نزیکی هەبووە لەگەڵ “ئەحمەد جبوری” پەرلەمانتاری ئێستای عێراق و پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین، کە دوو رۆژ پێش ئێستا “ئەحمەد جبوری” خۆیشی لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆرەوە لە هۆتێلێک لەناوچەی قادسیەی بەغدا دەستگیرکرا و پێدەچێت لە لێکۆڵینەوەکاندا ناوی ئەم بازرگانەی ئاشکرا کردبێت کە تێوەگلاون لە بابەتی گەندەڵیدا.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن