هەواڵەکان

دیسان بازگەی چیمەن هەرای نایەوە کولێرەش بەرە بە دووعاى خێر

ژووری هەواڵ

لەکارکەوتنی سۆنەری تانکەر و بارهەڵگرەکان لە بازگەی چیمەن، جەنجاڵی و قەرەباڵغییەکی زۆری دروستکرد و بەم گەرمایە، خەڵكێکی زۆر بە چەندین سەعات لە رێگاکەدا مانەوە.
کێشەکە تازە نییە و هەر تاوناتاوێک سەرهەڵدەدا، وەک شۆفێران دەڵین، ئەمە حاڵی هەموو رۆژێکیانە، هەندێک جار هیچ خەبەرێک نییە و جاری واش هەیە بە پێنج سەعات ماتڵ دەبن، کەسیش نازانێ بۆ وایان لێدەکەن و هیچ لێپرسینەوەیەک نییە.

لەم رۆژگارە پڕ لە قەیران و نەهامەتییەدا، هێشتا خەڵکانێک ماون کە لە خەمى کرێکاران و نەداراندان، ئەوەتا لە هەنگاوێکی خێرخوازانەدا و بۆ هاوکاریکردنی کەسانی کەمدەرامەت، خێرخوازێک بە ناوی حاجی سالار، کولێرەخانەیەکی لەناو مزگەوتێکی ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کردووەتەوە و رۆژانە بەخۆڕایی کولێرە دەبەخشێتە کرێکاران و رێبواران.

جاران کە دەچویتە بازاڕ، تەنیا گوێت لە هەراجى کاڵەک و تەماتە و جلوبەرگ دەبوو، یەکێ لەولاوە دەیوت شوتى و یەکێ تر دەیوت ماستى شارەزوور، بەڵام ئێستا بوتڵى غازیشى بۆ زیاد بووە و بە پڕى و بەتاڵیش دەست دەکەوێت.

قەدەرى خەڵکى ئێمە وایە، بۆ هەموو شتێک دەبێت لە سەرەدا بووەستێت، سەرەى بەنزین و موچە کەم نەبوو، سەرەى دانەوەى قەرزى کارەباشى هاتەسەر.