لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان دەکرێت

“عەبدی” هێرشکردنە سەر ئاوارەکانی سەرێ کانی ئیدانە کرد “دان بە خۆتاندا بگرن”

ژووری هەواڵ

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە لە پەیامێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر یەکەمین کاروانی ئاوارە گەڕاوەکانی سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان و نووسیویەتی، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و دەستدرێژییە دەکەن کە کراوەتە سەر ئەو خێزانە کوردە ئاوارانەی خەریکی گەڕانەوە بوون بۆ سەرێ کانی.

دەشڵێت “ئێمە زۆر باش لە کاردانەوە و توڕەییەکانی شەقامی کوردی تێدەگەین بەرامبەر بەم هێرشە، بەڵام لە هەمانکاتدا داوا لە خەڵک و کەسوکاری خۆمان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن، و نەکەونە دوای هیچ جۆرە کارێکی نابەرپرسانە، هەروەها دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانمان بپارێزن”.

جەختیشی کردەوە، کە لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانە دەکەن کە دەگەڕێنەوە و دڵنیایی دەدات کە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە تێوەگلانیان لەو هێرشانەدا بسەلمێنرێت، ئەمەش لە پێناو پاراستنی مافی هەمووان و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.