"مەترسی بۆ سەر مرۆڤیش هەیە"
لە چاڵێکی مەترسیداری ناحیەی ئاشتی دووجار ژیانی سەگێک رزگار کراوە
دەریا ئەحمەد – کۆیە
ماردین قانع پیشەوەرێکە لە فولکەی داوداوا لە سنوری ناحیەی ئاشتی سەر بە قەزای کۆیە تێبینی چاڵێکی لەو شوێنە کردووە و دەڵێت، چەندینجار ئاژەڵی بێلانە کەوتونەتە ناوی و لەناو چاڵەکەشدا قیری کارگەیەکی قیری تێدا رژێندراوە.
داردین دیمەنی سەگێکی بێلانەمان پیسان دەدات و دەڵێت “دواینجار ئەم سەگەمان رزگارکرد کە لە سەرەمەرگ دابوو، دووەمجاریشە ئەم سەگە دەکەوێتە ئەو شوێنە، پێشتریش کەسانی دیکە چەندین ئاژەڵی دیکەیان لەو شوێنە رزگار کردووە”.
باس لەوەدەکات، بەهۆی بوونی تۆز و خۆڵ لەسەر ئەم شوێنە، قیرەکە بەجوانی دیار نیە و مەترسیدارە، تەنانەت بۆ مرۆڤیش کە رێگەی بکەوێتە ئەو شوێنە و بکەوێتە ناوی بە ئاسانی لێی دارباز نابێت.
ئەم پیشەوەرە داوا لە کاربەدەستانی ناحیەی ئاشتی دەکات کە تەڵبەندێکی ئەو کارگەیە بکەن تاوەکو ئەم حالەتە مەترسیدارانە دووبارە نەبنەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن