لە سیستمی ئەلیكترۆنی نازانن
دابەشكردنی نەوت لە خورماتوو بووەتە بەڵا بۆ هاوڵاتیان
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
هاوڵاتیانی قەزای خورماتوو بەهۆی سیستمی نوێی دابەشکردنی نەوتەوە، کە بە شێوەی ئەلیکترۆنییە، تووشی بەڵای خۆیان هاتوون و داوا دەکەن هەروەک جاران لە رێگەی وەکیلەکانەوە دابەش بکرێ.
964 لە دابەشكردنی نەوت ئامادەبوو، هاوڵاتیان بێزاریی خۆیان لە شێوازی دابەشكردنەكە دەربڕی، چونکە بەپێی سیستمەکە، دەبێت هەر سەرۆک خێزانێک خۆی ئامادەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا مەرجە مۆبایلی زیرەك و ماستەر كارد و هێڵی ئینتەرنێتیشی کارا بێت، جگە لەمەش دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە نۆرەدا بوەستن بۆ ئەوەی بەشە نەوتی خۆیان بەركەوێت.
هاوڵاتیان بە نیگەرانییەوە باسیان لە دۆخەکە بۆ 964 كرد و دەڵێن زۆرینەی سەرۆک خێزانەکان کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوون و مۆبایلی زیرەک بەکار ناهێنن، هەروەها توانای سەرەگرتنیان نییە.
رزگار حوسێن یەكێك لەو هاوڵاتییانەی خورماتووە و دەڵێت، “جاران باشتر بوو، داوا دەكەین ئەو سیستمە نەمێنێت”.
وتیشی، بۆ وەرگرتنی 100 لیتر نەوت دەبێت 20 هەزار دینار بدەن.
هاوڵاتییەكی دیكەی بەتەمەن، كە هیچ لە مۆبایلی زیرەك و كارتی ئەلیكترۆنی نازانێت، داوا دەکات رێگە بدرێت لە رێگەی وەکیلەکانەوە هاوشێوەی پێشتر نەوت بەسەریاندا دابەش بکرێت، چونكە بەو حاڵەی ئێستا ناتوانن كارەكان بكەن و لێی نازانن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا