دایک و باوكی قوتابیان گردبوونه‌وه‌

800 قوتابی له‌ قوتابخانه‌یه‌كی كه‌ركوک ده‌وام ده‌كه‌ن و مامۆستایان نییه‌


کاروان ساڵحی-کەرکوک

دایکان و باوکانی قوتابیانی قوتابخانەی متەوەکل لە گەڕەکی ئەڵماسی كه‌ركوك، لە دژی نەبوونی مامۆستا دەرگای قوتابخانەکەیان داخست و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، ئه‌مه‌ش جاری پێنجه‌مه‌ كه‌سوكاری قوتابیانی قوتابخانه‌كه‌ دێنه‌ سه‌ر شه‌قام.

بە پێی قسەی كه‌سوكاری قوتابیان، 800 قوتابی له‌ قوتابخانه‌ی مته‌وه‌كل ده‌خوێنن، به‌ڵام ته‌نیا 13 مامۆستایان هەیە، لەم هەفتەیەشدا دوو مامۆستای دیکەیان دەڕۆن.
دکتۆر یوسف شوانی باوکی یەکێک لە قوتابییه‌كان بە964ـی وت، دوای ناڕەزایەتییه‌کانی پێشوو مامۆستا گوازرایەوە بۆ قوتابخانەیەكه‌، به‌ڵام دوای چوار رۆژ بەڕێوەبەری پەروەردە ئه‌مره‌كه‌ی هەڵوەشاندووه‌ته‌وه‌.

وتیشی، قوتابخانه‌كه‌ زۆر كۆن و وێرانه‌یه‌ و بارانێكی به‌هێز ببارێت، كاره‌سات رووده‌دات.

بەیان عومەر دایکی قوتابییه‌كی تره‌ و بە 964ـی وت، مامۆستای پێویست نییه‌ وانه‌ به‌ قوتابییه‌كان بڵێنه‌وه‌، ئەو مامۆستایانەی له‌وێ فریا ناکەون، چونکە ژماره‌یان زۆره.

عەلی محەمەد، باوكی قوتابییەکی دیكه‌یه‌ و بە 964ـی وت، وت کوڕەکەم دەوامی هەیە و مانگانەکەی 600 هەزار دینارە، رۆژانە منداڵەکانی دەنێرێت بۆ قوتابخانە  و دەگەڕێنەوە دەڵێن مامۆستامان نییە، باشە ئەو هاتوچۆیە هەمووی بە پارە دەکرێت.

وتیشی، “منداڵه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌ڵێن بۆخۆمان شەڕەشەقمان کردووە و ناخوێنین”.

سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌یه‌، 964 چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی گشتیی كه‌ركوک كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا