چەكدارانی حەماس
دەرگای دۆزەخ ناكرێتەوە
حەماس پێش وادەی دیاریكراو بە مەرجەكانی ئەمریكا رازیی بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بزووتنەوەی حەماس ئەمشەو هەینی رەزامەندیی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و رادەستکردنی تەرمی کوژراوەکانی راگەیاند، ئەمەش بە پشتبەستن بە پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
لە بەیاننامەیەکدا، حەماس “ئامادەیی خۆی بۆ دەستبەجێ بەشداریکردنی دانوستان لە رێگەی نێوەندگرانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاریی پلانەکەی ترەمپ” دووپاتکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بزووتنەوەکە “هەوڵە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ بەرز دەنرخێنێت”.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “حەماس ئامادەیی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ لە رێگەی نێوەندگرانەوە بەشداری دانوستانەکان بکات بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پلانی ترەمپ”.
حەماس رایگەیاند، رێککەوتنی خۆی بۆ رادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی فەڵەستینی لە تەکنۆکراتە سەربەخۆکان، لەسەر بنەمای کۆدەنگی نیشتمانی فەڵەستین و پشتیوانی عەرەبی و ئیسلامی دووپاتکردەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە کە “هەرچییەک لە پێشنیاری ترەمپدا سەبارەت بە پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە داهاتووی غەززە و مافەکانی گەلی فەلەستین هاتبێتە ئاراوە، پەیوەستە بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی هەمەلایەنە و لەسەر بنەمای یاسا و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان”.
ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە بزووتنەوەی حەماس كرد بە مەرجە رێككەوتن بۆ وەستاندنی شەڕ و رادەستكردنەوەی بارمتە زیندووەكان و تەرمی بارمتە مردووەكان رازیی بێت، لە هەمات كاتدا یەكشەممەی داهاتوو، كاتژمێر شەشی ئێوارەی بە كاتی واشنتن وەك دواوادە دیاریی كردبوو بۆ رازیی بوون، ئەگەرنا رایگەیاندبوو دۆزەخیان بەسەردا دەكاتەوە