دەڵێن، قبوڵی ناکەن

حەشدی شەعبی: بارەگا داخراوەکان سەر بە ئێمە نین

ئەحمەد مستەفا

حەشدی شەعبی، قسەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتدەکاتەوە، کە دەڵێن، 71 بارەگای ساختەی سەر بە حەشدی شەعبییان داخستووە.

ئەوان تێکرای ئەو قسانە رەتدەکنەوە کە پەیوەندییان بەو بارەگا ساختانەوە هەبێ.

ئەمڕۆ دووشەممە 10.8.2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، ئەو بارەگا ساختانەی کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە داخراون، هیچ پەیوەندییەکیان بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە نییە.

وە دەڵێن، رێکاری توندی یاسایی و کارگێڕی بەرانبەر هەر کەسێک دەگرنەبەر کە هەوڵ بدات لە پەنای پێگە و ناوی ئەم هێزەوە دەرفەت بقۆزێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاری بهێنێت.

پێشتر، لیوا میقدا میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ سەروەری یاسا، 71 بارەگای ساختەی سەر بە حەشدی شەعبی داخستووە.