ئینتەرنێتی نیشتمانی لە عێراق دەگاتە دوو ملیۆن بەشداربوو

40 ئایفۆن 17 دەکرێت بە دیاری


سیروان خورشید – خورماتوو

​لە راگەیەندراوێکدا وەزیری گەیاندنی عێراق ئاشکرای کرد لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا ژمارەی بەشداربووانی پڕۆژەی ئینتەرنێتی نیشتمانی “کێبڵی تیشکی” دەگاتە دوو ملیۆن بەشداربوو بە بۆنەی گەیشتن بەم ژمارە پێوانەییە 40 مۆبایلی جۆری ئایفۆن 17 وەک دیاری دەبەخشرێتە 40 بەشداربوی نوێ.

​ئەیوب علی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی خورماتوو بە 964ـی وت،” پرۆسەی دیاریکردنی بردنەوەی ئەم خەڵاتانە راستەوخۆ دەست پێدەکات لەگەڵ گەیشتن بە ژمارەی پێوانەیی و بەم شێوەیە دەبێت، ​لە بەشداربووی ژمارە “2,000,000” دەست پێدەکات تاوەکو کۆتا بەشداربوو لە ریزبەندییەکەدا کە دەکاتە بەشداربووی ژمارە “2,000,040”

وتیشی، بۆ هەر یەکێک لەم چل بەشداربووە مۆبایلێکی ئایفۆن 17 تەرخان دەکرێت و داوا لەهاوڵاتیان دەکەین بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان و سودمەندبوون لە خزمەتگوزارییەکە بە زووترین کات بەشداری لە پڕۆژەکەدا بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی ئینتەرنێتی نییشتیمانی ماوەی ساڵێکە لە عێراق کەوتووەتە کار، پێشتر خەڵک لە رێگەی تاوەر و بورجەکانەوە بەشدارییان لە ئینتەرنێتدا دەکرد، بەڵام ئێستا کێبڵ لە ژێر زەوییەوە بۆ سەرجەم کۆڵان و شەقامەکان راکێشراوە ولەهەر سۆچێکی کۆڵانێکدا تاوەرێک دانراوە و ئامێری تێدا بەستراوە کە هاوڵاتیان لەو رێگەیەوە بەشداری تێدا دەکەن.

پێداچوونەوە: شیرین ساڵح