"گەڕانەوەی ئاوارەکان بەکاتی راگیراوە"

بەشێک لەوانەی هێرشیان کردبووە سەر ئاوارەکانی “سەرێ کانی” دەستگیرکران

فەرهاد حەسەن

جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە دوێنێ کرانە سەر ئەو هاوڵاتییانەی دوای هەشت ساڵ ئاوارەیی بەرەو شاری “سەرێ کانی” دەگەڕانەوە و ئاشکراشی کرد کە بەشێک لەو هێرشبەرانەیان دەستگیرکردووە.

ئاژانسی هەواڵی هاوار لە زاری  مەحمود خەلیل عەلی کە بە (سیامەند عەفرین)ی ناسراوە، بڵاویکردەوە، ئەو هێرشانەی کرانە سەر هاوڵاتییە گەڕاوەکان، “کارێکی تاکەکەسی و رەتکراوەیە” و ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری و رێگریکردنە لە گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

وتیشی “ئەم جۆرە رەفتارانە هەوڵەکانی تێکەڵکردنەوە و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا تێکدەدەن”.

جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایش ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان دەستبەجێ دەستیان بە رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان کرد و توانیویان ژمارەیەک لەو کەسانە دەستگیر بکەن کە دەستیان لە هێرشەکاندا هەبووە، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوە و راوەدوونانی ئەوانی دیکەش بەردەوامە تاوەکو هەموویان بەپێی یاسا سزا بدرێن.

سیامەند عەفرینی هۆشداریشیدا کە هیچ چاوپۆشییەک لەو لایەن و کەسانە ناکەن کە دەیانەوێت بارودۆخی ئێستا بۆ نانەوەی پشێوی و پاشگەردانی بقۆزنەوە و وتی “ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و چەسپاندنی ئاسایشە”.

باسی لەوەشکرد کە وەکو رێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی ئاوارەکان گەشتەکانی گەڕانەوەیان بۆ شاری سەرێ کانی بە شێوەیەکی کاتی راگیراون، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر کاتێک بارودۆخەکە بە تەواوی ئارام بووەوە و پاراستنی پێویست دابینکرا، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستپێدەکاتەوە.