"بۆ قبوڵ بوونی نوێژەکانیان ئەو بڕیارەمان داوە"

دوو مزگەوتی تەقتەق وتاردانیان بۆ گەڕایەوە و مزگەوتێکیش هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە

دەریا ئەحمەد – کۆیە

ئەوقافی کۆیە پاشگەزبووەوە لە بڕیاری وەستانی نوێژی هەینی لە دوو مزگەوتی تەق تەق و ئەمڕۆ بڕیاریدایەوە کە وتاریان تیادا دەدرێت، شڵێت ئێمە لەبەر خەڵک و قبوڵبوونی نوێژەکانیان ئەو بڕیارەمان دابوو.

عەبدوڵا ئەنوەر بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە بە 964ـی وت، دوای دوێنێ راپرسیەکمان کرد و بۆمان دەرکەوت کە دانیشتووانی تەقتەق زۆر زۆرن و رۆژانی هەینیش گەشتیارێکی زۆر روو لە تەقتەق دەکات و شارەکەش تەنیا هەشت وتاری تێدابوو ئەمڕۆ بڕیارمان دا لە حەوت مزگەوت وتار هەبێ و شوێنێکی تر کە مزگەوتیش نییە و موسەڵایە واتا شوێنی نوێژە، وتار تێیدا بە راگیراوی بمێنێتەوە.

“ئەو دوو مزگەوتەی کە وتارمان بۆ گەڕاندوونەتەوە، موکەبەرەی مزگەوتەکانیان دادەگرین تا دەنگەکەی لەگەڵ مزگەوتەکانی تر تێکەڵ نەبێت و مامۆستای ئاینی ئەو مزگەوتەش کە وتاری تێدا وەستاوە  بۆ رۆژانی هەینی دەبەینە یەکێک لەو مزگەوتانەی وتارمان بۆ گەڕاندووەتەوە، بەڕێوەبەری ئەوقاف وای وت.

وتیشی، خەڵک زۆر هەڵە لە بابەتەکە تێگەیشتووە، ئێمە لەبەر بەرژەوەندی ئەوان ئەو بڕیارەمان داوە بۆ ئەوەی نوێژخوێنان نوێژەکانیان قبوڵ بێت، لە مەزهەبەکانی ئیسلامیش یەک دانەیان تێکەڵبوونی وتار بە حەرام دەزانێت.

لەکۆی 39 مزگەوتی کۆیە و تەقتەق، دوێنێ ئەوقافی کۆیە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی وتار لە 10 مزگەوتی کۆیە و سێ مزگەوتی تەقتەق، بەڵام ئەمڕۆ لە کۆی هەشت مزگەوتی شارەکە بڕیاری دا مافی وتاردان بۆ دوو مزگەوتی تەقتەق بگەڕێنێتەوە و مزگەوتێکیشیان کە وەک بەڕێوەبەری ئەوقاف دەڵێ ئەو شوێنە تەنیا موسەڵایە واتا شوێنی نوێژە، وتاری هەینی تێیدا هەر بە راگیراوی دەمێنێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی