هەناردەی هۆڵەندا بۆ عێراق و كوردستان چەندە؟

خاوەن نۆ كۆمپانیای گەورەی هۆڵەندی دێنە كوردستان

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

نوێنەرانی نۆ كۆمپانیای گەورەی هۆڵەندی، كە لە بواری جیاجیا كار دەكەن، دێنە كوردستان و سبەی لەگەڵ ژووری بارزگانی و پیشەسازی و ژمارەیەك لە بازرگانانی هەولێر كۆبوونەوەیەكی گرنگیان دەبێت.

كامەران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە 7.9.2025 بە 964ی وت، سەرۆك نۆ كۆمپانیای گەورەی هۆڵەندا سبەی سەردانی ژووری بازرگانی دەكەن و لەگەڵ سەرۆك و ئەندامان و ژمارەیەك بازرگان و هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ژمارەیەك وەزارەتی پەیوەندیدار كۆدەبنەوە.

وتیشی، كۆمپانیاكان لە بوارە جیاجیاكانی وەك براندینگ و ماركێتینگ، كشتوكاڵ و نەمانگە، بەكارخستن و میوانداری، سەلامەتی كار و تەندروستی، بیناسازی، باخداری و چەند بوارێكی دیكە كار دەكەن.

“هاتنی كۆمپانیاكان لە رێگەی كونسوڵخانەی هۆڵەندایە لە هەولێر و ئەوانیش لە كۆبوونەوەكە ئامادەدەبن، كە ئامانج تێیدا دروستكردنی هاوبەشی و كاركردنی كۆمپانیاكانی هۆڵەندایە لە كوردستان لە بواری جیاجیادا و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانە”، كامەران محەمەد وای وت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی 964 لە ژووری بازرگانیی هەولێر دەستیكەوتووە، هەناردەی بازرگانیی هۆڵەندا بۆ كوردستان و عێراق، ساڵانە یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە و زۆربەی كەلوپەلەكانیش لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە داخل دەبن و لەوێوە دەگەنە بەشەكانی دیكەی عێراق.

هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا سێ‌ گرێبەستیان واژۆ كرد

هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا سێ‌ گرێبەستیان واژۆ كرد