دوای شەو و رۆژێک گەڕان

تەرمی ئەو گەشتیارە دۆزرایەوە کە لە ئاوی دەریاچەی دوکاندا خنکا

شۆڕش قادری

دوای 24 کاتژمێر لە گەڕان و تەقەلای تیمەکانی مەلەوانی و غەواسی دوکان، تەرمی ئەو گەشتیارە دۆزرایەوە کە لە ئاوی دەریاچەی دوکان خنکا کە گەنجێکی خەڵکی موسڵە.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی ڤیدیۆی ساتی دۆزینەوەی تەرمەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکانی مەلەوانی و غەواسی بنکەی بەرگری شارستانی دوکان، توانیان تەرمی ئەو گەنجە بدۆزنەوە کە لە ئاوی دەریاچەی دوکاندا خنکابوو.

دوای دۆزینەوەی، تەرمەکە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ رێکارە یاساییەکان و دواتر رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.

گەنجەکە ناوی (عەبدوڵا ناسم ئیبراهیم) و تەمەنی 19 ساڵە، دانیشتووی شاری موسڵە و بەمەبەستی گەشتوگوزار رووی لە ناوچەکە کردبوو، دوێنێ پێنجشەممە 6.8.2026 لە ئاوی دەریاچەی دوکاندا خنکا.