پزیشکیان: بە توندی بەرگری لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەکەین

بەرپرسانی ئەمریکا: پێشبینی دەکەین بەمنزیکانە رێککەوتن لەسەر گەرووی هورمز بکرێت

964+

شۆڕش قادری

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان لەسەر گەرووی هورمز قۆناغی باشیان بڕیوە و پێشبنینی دەکەن، بەمنزیکانە رێککەوتن بکرێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، بڵاویکردووەتەوە، “پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز بەدیهاتووە و پێشبینی دەکەین بەمنزیکانە رێککەوتن بکرێت”.

هاتوچۆی کەشتییەکان دەستیپێکردەوە، گەمارۆی دەریایی سەر  ئێران هەڵدەگرین

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرکات رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەبێ بەربەست راگەیەنرا، ئەوا واشنتنیش گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.

هاوکات مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، “بە توندی بەرگری لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەکەین و هەرکەسێک لەناو وڵاتەکەماندا بە شکست وەسفی بکات، ئەوە رەنگدانەوە خواستەکانی ئیسرائیلە”.

دیدگای جیاواز لە ناوخۆی ئێران هەیە بەڵام ناکۆکیمان نییە

پزیشکیان ئاشکراشیکردووە، هەرچەندە دیدگای جیاواز لە ناوخۆی ئێران هەیە بەڵام هیچ ناکۆکییەک لە نێوان حکومەت و هێزە چەکدارەکانیاندا نییە.

لەماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەر ناکۆکی نێوان لایەنەکی حکومەتی ئێران لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکرایەوە و دەگوترا گەیشتووەتە ئاستێک کە پزیشکیان داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، بەڵام پزیشکیان دەڵێت، بەهیچ شێوەیە دەست لەکار ناکێشێتەوە و بەردەوام دەبێت کە حکومڕانی.