خاوەنی مەلەوانگەکە و دوو کاپتن دەستبەسەرکران

لە مەلەوانگەیەکی کەلار مێردمنداڵێک خنکا

میلاد جەلال _ گەرمیان

لە مەلەوانگەیەکی کەلار مێردمنداڵێک خنکا کە بەنەتەوە عەرەبە و دانیشتووی ناحیەی گوڵاڵەن، خاوەنی مەلەوانگەکە و دوو کاپتن دەستبەسەرکران و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 7.8.2026 مێردمنداڵێک بەناوی عومەر خەتاب لەدایکبووی ساڵی 2011 لە نەتەوەی عەرەب لە مەلەوانگەیەکی قەزای کەلار خنکاوە

بەقسەی کەسوکارەکەی، خێزانی ئەو مێردمنداڵە دانیشتووی ناحیەی گوڵاڵەن و لە گەڕەکی شوەهەدا نیشتەجێن، لەگەڵ باوکی بۆ مەلەکردن چوونەتە قەزای کەلار و لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە.

تەرمەکەی بۆ پشکنین رەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە و پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەسەر چۆنێتی رووداوەکە کردووەتەوە.

بەبڕیاری دادوەر خاوەنی مەلەوانگەکە و دوو کاپتن بەپێی مادەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری