چوار کەس لەسەر ئەو کارە گیراون

لە گوندێکی بازیان ئاگر لە هەناوی دارتوویەکی 100 ساڵە بەردرا

شۆڕش قادری

لە دەڤەری بازیانی سەربە پارێزگای سلێمانی ئاگر لە هەناوی دارتوویەکی بەتەمەن بەردرا، چوار کەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر کراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ڤیدیۆی ساتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە،  لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان و بەدیاریکراوی لە سنوری گوندی (کۆیک) چوار تۆمەتبار دەستگیر کراون کە ئاگریان لە درەختێکی بەتەمەن بەردابوو.

کارمەندانی پۆلیسی دارستانی بازیان و بەهاوکاری چەند گەنجێکی دڵسۆز و خەمخۆری سنورەکە توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە و درەختەکەیان لە سووتان رزگار کردووە.

درەختەکە لە جۆری داری ( توو)ـە و نزیکەی 100 ساڵ تەمەنیەتی.

لە ئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی لە دژیان.

وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، درەختە بەتەمەنەکان بەشێکن لە مێژووی ئەم نیشتمانە و شوناسی ناوچە و سنووری خۆیانن و لە هەندێک جێگە وەک سیمبولێک لێی دەڕوانن و بە بەشێک لەخۆیان و رابردوویان هەژماری دەکەن و دەپارێزێن، جێگەی داخ و نیگەرانییە بەهۆی هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی و خەمساردی هەندێک مرۆڤی دژ بە سروشت و ژینگە دەسوتێنرێن و لەناودەبرێن.