جومانە غەلای بۆ 964:
زیاتر لە سێ ملیۆن و 883 هەزار کەس لە کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن
964+
محەمەد فاتیح
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە رێگای 964وە ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كرد، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا.
ژمارەی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان، كە خۆیان تۆماركردووە بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا، 3,883,501 كەسە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، تایبەت بۆ 964ـی ئاشكرا كرد، لەو ژمارەیە 3,883,501 كەسیان بە بایۆمەتری خۆیان تۆمار كردووە، ئەوانەشی لە رێگای بایۆمەترییەوە خۆیان تۆمار نەكردووە، ژمارەیان 812,662 كەسە.
ئەوانەی بۆ یەكەمجار خۆیان بۆ دەنگدان تۆماركردووە بریتین لە 145,617 كەس، 7,800 كەسیش زیادكراوە و دەنگدەرانی لە دایكبووانی 2007یش ژمارەیان 8,898 كەسە.
لیستەكە تەنها بۆ 964 نێردراوە
بەپێی ئەو لیستەی كۆمسیۆن بۆ 964ـی ناردووە، بەرزنترین رێژەی دەنگدەران لە پارێزگای سلێمانییە و هەولێر بە پلەی دووەم و دهۆكیش بە پلەی سێهەم هاتووە.
جومانە غەلای، دڵنیایی بە 964 دا، كە ئەم رێژەیە تاكو 3.8.2025 تۆماركراوە و كاركردن بۆ وردبینیكردن لە ناوەكان بەردەوامە و ژمارەكان بە فەرمی هەژمار ناكرێت، تاكو ئەنجومەنی كۆمسیاران، بڕیار لەسەر تۆماری دەنگدەران نەدات.