لە کەرکوک

کارگوزارێکی بیانی دوای دوو کاتژمێر لە دزینی زێڕ و پارەی ماڵێک دەستگیرکرا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی پۆلیسی کەرکوک ژنە کارگوزارێکی بیانییان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی بڕێک زێڕ و پارەی لەو ماڵە دزیبوو کە کاری تێدا دەکرد و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتبوو.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی میقداد بە 964ـی راگەیاند، رووداوەکە لە گەڕەکی “رێگای بەغدا” لە شاری کەرکوک روویداوە. ئەو ژنە کارگوزارە چەند ساڵێکە لە یەکێک لە ماڵە تورکمانەکانی ئەو گەڕەکەدا کاری کردووە و متمانەی خێزانەکەی بەدەستهێناوە، ئەوەش وایکردووە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت بۆ دزینی زێڕ و پارەی ناو ماڵەکە و پاشان رابکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدانی بەدواداچوونی خێرا، توانرا دوای تەنیا دوو کاتژمێر لە رووداوەکە، تۆمەتبارەکە لە نزیک یەکێک لە کافتریاماکانی هەمان گەڕەک و لە نزیک باڵەخانەی “جەدوع” دەستگیربکرێت.

لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەست بەسەر تەواوی پارە و زێڕە دزراوەکەدا گیراوە و لە ئێستادا تۆمەتبارەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی یاساییدایە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح