پیاوێک لەسەر پردی دەلالەوە کەوتەناو رووباری خابوور و گیانی لەدەستدا
"لەهۆش خۆی چووە"
پیاوێک لەسەر پردی دەلالەوە کەوتەناو رووباری خابوور؛ گیانی لەدەستدا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زاخۆ پیاوێک لەسەر پردی دەلالەوە کەوتەناو رووباری خابوور و گیانی لەدەستدا.
کەمێک لەمەوبەر پیاوێک کە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵ دەبوو، لەسەر پردی دەلال لەهۆش خۆی چووە و کەوتووەتە ناو رووباری خابوور و گیانی لەدەستداوە.
جەمال هەسن بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـی وت، “لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە بیستوومانە کە پیاوەکە لەسەر پردی دەلال کەوتووەتە خوارەوە و بەر هیچ بەربەست و تاشەبەردێک نەکەوتووە، بەڵکو راستەوخۆ کەوتووەتە ناو ئاوەکە و نقوم بووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمێکیان گەیشتووەتە شوێنەکە و تەرمی پیاوەکەیان دەرهێناوەتەوە.
جەمال هەسن وتیشی، تا ئێستا کەسوکاری پیاوەکە دیار نین و ناشزانن خەڵکی کوێیە، چونکە تەنیا بووە و هیچ ناسنامەیەکیشی پێ نییە، تەرمەکەشیان رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کردووە.
هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26.7.2025 کچێکی تەمەن 21 ساڵی خەڵکی شنگال کەوتەناو رووباری خابوور و خنکا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری