رۆیتەرز: پێشتر هۆشداریان دابوو
حوسییەکان هێرشیانكردە سەر پێگە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە
فەرهاد حەسەن
حوسییەکانی یەمەن، لە دوو بەندەری سەر کەناراوەکانی دەریای سور هێرشیانكردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات و هێرشەكانی دوێنێ ریاز بۆ سەر شاری حودەیدە لە یەمەن.
ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە گروپەکەیان پێگەکانی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیەی لە جازان و یەنبوع كە دوو بەندەری سەر کەناراوەکانی دەریای سوورن، کردوەتە ئامانج.
دوو سەرچاوەی بازرگانی لە ئاسیا رایانگەیاندوە، ئاگادارکراونەتەوە لە ئەگەری روودانی هەندێک زیان لە پێگەکانی کۆگاکردنی سوتەمەنی و نەوت لە جازان.
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسانی یەمەنی بە رۆیتەرزیان وتووە، کەوا هێزی ئاسمانی حکومەت، هێرشی ئاسمانییان کردوەتە سەر سەكۆكانی هەڵدانی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان و کۆگاکانی چەک لە هەردوو پارێزگای مارب و جەوف.
پێشتر هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی سعودیە رایگەیاندبوو کە رۆژی هەینی هێرشی ئاسمانییان کردوەتە سەر پێگە سەربازییەکانی گروپی حوسی لە شاری حودەیدە لە یەمەن.
لە هەفتەی رابردوەوە حوسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعودیەدا سەپاندنەوە و عەبدولمەلیک حوسی، رێبەری حوسییەکان وتبووی، هەموو دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و دامەزراوە گرنگەکانی دیکە دەبنە ئامانجی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گروپەکە ئەگەر ریاز بەشدارییەکانی لە ململانێکاندا زیاد بکات.