سەرۆک وەزیرانی دێتە عێراق
بەیروت و بەغدا قسە لەسەر پڕۆژەی هێڵی بۆری نەوتی (عێراق – سوریا – لوبنان) دەکەن
فەرهاد حەسەن
سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەی ستراتیژیی هێڵی نەوتی “عێراق – سوریا – لوبنان” و نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی تەرابلوس، ئەمەش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئابورییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییە هەرێمییەکانە لە کەرتی وزەدا.
رۆژنامەی “الشرق الاوسط” بڵاویکردووەتەوە، نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وەزاری و ئەمنی سەدانی بەغدا دەكات، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر پرسی وزە و فراوانکردنی هاوکارییە ئابورییە هەرێمییەکان.
تەوەرێكی سەردانەكە گفتوگۆکردنە لەسەر پڕۆژەی هێڵی بۆریی نەوتی (عێراق – سوریا – لوبنان)، پاش رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان عێراق و سوریا بۆ کاراکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکوک – بانیاس.
بەشێكی دیكە گفتوگۆكان، هەوڵدانە بۆ نۆژەنکردنەوە و بەستنەوەی پاڵاوگەی تەرابلوس بە هێڵە نەوتییەکەوە، کە ئامانج لێی تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەکانە. بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە، شاندە لوبنانییەکە لە هەریەک لە یاسین جابر وەزیری دارایی، جۆو سەدی وەزیری وزە، لیوا حەسەن شەقیر بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گشتی پێکدێت.
بەرپرسان و پەرلەمانتارانی لوبنان (لەوانە ئەشرەف ریفی و ئەنتوان حەبیب) ئەم هەنگاوە بە “دەرفەتێکی مێژوویی” دەزانن و پێیانوایە کاراکردنەوەی پاڵاوگەی تەرابلوس کۆتایی بەو گەمارۆ ئابورییە دەهێنێت کە خراوەتە سەر باکوری لوبنان، هەروەها هەزاران هەلیکار دەڕەخسێنێت و پێگەی ستراتیژیی لوبنان لە کەرتی وزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا دەگێڕێتەوە.