هاوژینی بێکەس دەڵێ؛ بەختەوەرە

بێکەس و نالی بوونە میوانی شەقامی کۆڕنیش لە سلێمانی

رازاو ئەمین – سلێمانی

لە دەروازە کۆڕنیشی سلێمانی، ئەم ئێوارەی چوارشەممەیە، دوو میوانی ناودار و کەم وێنەی کورد پەردە لەسەر پەیکەرەکانیان لابرا، ئەوانیش هەردوو شاعیری ناودار، نالی مەزن و شێرکۆ بێکەس بوون.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی هاوسەری شێرکۆ بێکەس، ئەندامانی خێزانەکەی، ژمارەیەک لە رۆشنبیران، هونەرمەندان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی شار بەڕێوەچوو.

نەسرین ئەحمەد خێزانی شێركۆ بێكەس بەدڵی پڕەوە باسی لادانی پەردە لەسەر پەیکەری هاوسەری کۆچکردووی دەکات و دەڵێ، پێش ئەوەی ببێت بە هاوژین و دوای پڕۆسەی هاوسەرگرییش شعری بۆ نویسووە، ئەو لەسەر لادانی پەردەکە لەسەر پەیکەرەکەی وتی، هەست بە بەختەوەری دەکەم.

پەیکەرەکان لەلایەن پەیکەرساز، چێنەر نزار دروستکراون و بە سپۆنسەری گەلەری پیکاسۆ لەسەر شەقامی کۆرنیش دانران.

ئەوەش بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە دیمەنی کولتووری و هونەری شاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی بەشداربووان لە ڕێوڕەسمەکە جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی میراتی ئەدەبی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە نالی و شێرکۆ بێکەس لە دیارترین هێماکانی شیعر و ئەدەبی کوردین.

پێداچوونەوە ئەحمەد مستەفا