"دەنگۆکان بۆ تێکدانی بارودۆخەکەیە"

“سەرایای ئەولیا دەم” خۆی لە هێرشەکانی سەر هەولێر و کوەیت بێبەری کرد

فەرهاد حەسەن

گروپی چەکداری “سەرایای ئەولیا دەم – سرايا أولياء الدم)، بە فەرمی بەشداریی خۆی لەو هێرشانە رەتکردەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا کرابوونە سەر شاری هەولێر و وڵاتی کوەیت و رایگەیاند کە هیچ چالاکییەکی سەربازییان لەو ناوچانە ئەنجام نەداوە.

ئەبو مەهدی جەعفەری، وتەبێژی سەربازیی گروپەکە، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو هەواڵانەی لە میدیاکاندا دەربارەی تێوەگلانی ئەوان لەم هێرشانە بڵاودەکرێنەوە “دوورن لە راستی و هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نییە.” ئەوەشی خستەڕوو کە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە تەنیا بۆ خزمەتکردنی “ئەجێندای گوماناوی و تێکدانی بارودۆخەکەیە.”

“سەرایای ئەولیاو دەم” رایگەیاند کە ئەوان سەر بە هیچ لایەنێکی دیکە نین و تەنیا لەسەر بنەمای “تەکلیفی شەرعی و نیشتمانی” کار دەکەن و ئەو راپۆرت و لێکۆڵینەوانەش رەتدەکاتەوە کە گروپەکەیان وەک “رووکار” بۆ لایەنەکانی تر دەناسێنن و بە لێکدانەوەی نادروستیان ناوبرد.